لە 2019 کارەساتە سروشتییەکان 92 ملیار دۆلار زیانی بەکۆمپانیاکانی بیمە داوە
پێشبنینی دەکرێت زریانی دۆریان گەورەترین کارەساتی سروشتی بێت
K24 – ههولێر:
کۆمپانیای AIR Worldwide تایبەت بە لێکۆڵینەوەی مەترسییەکان رایگەیاند، تێچووی کارەساتە سروشتییەکانی ئەمساڵ و دوایین کارەساتی دۆریان زیانی 92 ملیار دۆلاری هەبووە.
هەروەها کۆمپانیەکە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، زیانەکان لە ناوچەی دەریای کاریبی نزیکەی 1.5 بۆ 3 ملیار دۆلار دەبێت.
هاوکات ئاژانسی پلەبەندی ئابووری فیتچ پێیوایە، پیشەسازی بیمە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار نادات لە کۆی زیانەکانی بەهۆی زریانی دۆریانەوە دروستبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە شرۆڤەکاران لە بانکی یو بی ئێس رایانگەیاندبوو، زریانی دۆریان لە دوورگەی باهاما بە لایەنی کەمەوە زیانی 25 ملیار دۆلاری بە کۆمپانیاکانی بیمە گەیاندووە.
هەروەها پێشبنینی دەکرێت زریانی دۆریان گەورەترین کارەساتی سروشتی بێت کە زیانی زۆری بەکۆمپانیاکانی بیمە گەیاندبێت لە ساڵی 2017ـەوە.
کۆمپانیای میونخ ریە بۆ بیمە پێشبینی دەکات، کۆی ئەو بڕەی بۆ زیانەکانی ناوچەی دەریای کاریبی و ئەمریکای باکوور دەیدەن نزیکەی 5 ملیار دۆلاری ئەمریکیە.
دۆریان بە بەهێزترین زریان دادەنرێت، کە هەفتەی رابردوو رووی لە دوورگەی باهاما، دوورگەی ئاباکۆ و باهامای گەورەی کرد، زیانێکی زۆری بە زەوی ناوچەکە گەیاند و ژێرخانی ئابووری ناوچەکەی داڕماند ، سەدان و هەزاران کەسیش بێ سەروشوێنن، لە کاتێکدا کۆی دانیشتووانی ناوچەکە 400 هەزار کەسە.