ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی لە بەردەڕەش تەواو دەکرێت

ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنووری بەردەڕەش گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. پرۆسەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کوژاندنەوەی زەوییەکان و دروستکردنی نەخشەی کەرتەکان دەستی پێکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش بە کوردستان24ـی رایگەیاند، نەخشەی کەرتی دابەشکردنی زەوییەکان ئامادەکراوە و لە 13ـی ئەم مانگە بە فەرمی رادەگەیەنرێت.

سەبارەت بە رێکارەکانی قەرەبووکردنەوە، حەسەن روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی زەوییە تەرخانکراوەکان کشتوکاڵین، پێویستە لەگەڵ خاوەن موڵکەکان گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی چۆنێتی قەرەبووکردنەوەیان یەکلایی بکرێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش ئاشکرایکرد، ناوی 3,000 فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان بە رێژەی 7%ـی دەبێت، شارەوانی پێویستی بە دابینکردنی 6,000 پارچە زەوی هەیە.

لە کۆتاییدا، حەسەن جەختیکردەوە، بەشێک لە زەوییەکانی سنووری شارەوانییەکەیان وەک زەوی بازرگانی دەمێننەوە و لە داهاتوودا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت.