عادل عەبدولمەهدی بەرەو چین بەڕێدەکەوێت

لە میانی سەردانەکەی رێککەوتنامەی گرنگ واژۆ دەکات

K24 – هه‌ولێر:

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی حکوومی باڵای عێراق، رۆژی پێنجشەممە 19/09/2019، سەردانی چین دەکەن، چاودێران ئەو سەردانە بە گرنگ و مێژوویی ناودەبەن، هاوکات سەردانەکەش هاوتایە لەگەڵ یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری چین.

بەرپرسانی بەغدا و چین، گەشبینن بەو سەردانە و بە ئاراستەیەکی نوێ و قۆناغێکی دیکەی پەیوەندی هەردوو وڵات ناوی دەبەن. 

تشانگ تاو، باڵیۆزی چین لە عێراق رایەگەیاند: " گرنگترین و دیارترین سەردانە کە تێیدا چەندین گرێبەست لە بوارەکانی ئابووری تەکنەلۆجی ئاسایش و رۆشنبیری واژۆ دەکرێن، لە نێویدا رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سانشۆی چینی بۆ دووبارە بنیادنانەوەی عێراق کە بەهاکەی 10 ملیار دۆلارە و پشکداریی چین لە چارەسەر کردنی قەیرانی کارەبای عێراق بە دامەزراندنی 4 وێستگەی گەورە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە."

 هاوکات گووتیشی: " سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین گرێبەستی دیکە ئەنجامدەدات، وەک دامەزراندنی کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی بەغدا و مەشقکردنی فەرمانبەرە عێراقییەکان لە لایەن شارەزایانی کۆمپانیای هواوی، هەروەها رێککەوتن بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە ، چاکسازی پەروەردەیی، و کشتوکاڵ و هاوکاری و هەماهەنگی ئاسایش لە نێوان هەردوو وڵات و واژۆ کردنی دەیان رێککەوتنی دیکە"

ئەمە لە کاتێکدایە باڵیۆزی چین ئاماژەی بەوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەر یەکە لە شارەکانی خۆفی و شانگهای و پەکینی پایتەخت دەکات.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)

H.J