جارێکی دیکە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا

دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا و  وادەی نوێی دادگاییکردنیان دیاری دەکرێت.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، دادبینی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و ژمارەیەک لە دەستگیرکروانی لالەزار لە دادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوول، دادگای سلێمانی وادەی نوێی دانیشتنەکە دیاری بکات. 

هەفتەی ڕابردووش دانیشتنی دادگاییکردنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا بوو، کە تێیدا تەنیا گوتەی شەش لە تۆمەتباران وەرگیرابوو.

لاهوور شێخ جەنگی بەپێی هەردوو ماددەی 406 و 56 تۆمەتبار کراوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنیا لەسەر ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت. ئەو ماددەیەش تایبەتە بە رێککەوتنی گرووپێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە. پارێزەرەکانیشی دەیان بەڵگەنامەیان ئامادە کردووە بۆ بەرگریکردن لێی تاوەکوو بڕیاری نوێی بەسەردا نەسەپێندرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوەکوو ئێستاش سێ پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ کراوە.

شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.