عێراق دوورگەیەکی پیشەسازی بۆ پەرەپێدانی توانای نەوت دادەمەزرێنێت
توانای هەناردەکردنی رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات
K24 – ههولێر:
بۆ دامەزراندنی دوورگەیەکی پیشەسازی لە ئاوە هەرێمییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای (بۆسکالیس)ـی هۆڵەندی واژوو کرد، ئەوەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای نەوتی عێراق لە هەناردە و کۆگا کردن.
بە گوێرەی راگەیهندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق سامر غەزبان، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە رایگەیاندووە، لە میانی واژووکردنی رێککەوتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای بۆسکالیس و کۆمپانیای نەوتی عێراق، چاوەڕێی دەرچوونی رەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی دامەزراندنی دوورگەی پیشەسازی لە ئاوە هەرێمییەکانی کەنداو، ئامانجیش لێی زیادکردنی توانای هەناردە و کۆگاکردنی نەوتی عێراقە.
هاوکات غەزبان گووتیشی: "ئەم یاداشتنامەیە بۆ زیادکردنی توانای کۆگاکردنی 6 ملیۆن بەرمیلە رۆژانە، زیادکردنی توانای هەناردەکردنی رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت".
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە زیندوو و ستراتیژیییەکان، کە وەزارەتی نەوت هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و زیادکردنی داهاتی دارایی بۆ خەزێنەی وڵات".
لە لایەن خۆیەوە ئیحسان عەبدولجەبار بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند، دامەزراندنی دوورگەی پیشەسازی، توانای هەناردەکردن لە داهاتوو زیاددەکات".
هاوکات ئێرک ستراتنک باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق رایگەیاند، "کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی خوازیارن لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لە گشت بوارەکاندا، لە ناویشدا لە بواری وزەدا، ئەو رێککەوتنەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشە لە نێوان هەردوو وڵاتدا".
هاوکات کۆدی بلیچ نوێنەری کۆمپانیای بۆسکالیس گووتی: "دڵخۆشن بە دووبارە هاوکاری لەگەڵ عێراق". جەختیشی کردەوە کە، "کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە داڕشتن و توێژینەوەی گشتگیر بۆ پڕۆژەکە بە مەبەستی دامەزراندنی دوورگەکە لە ماوەی ساڵێکدا، دواتر راستەوخۆ دەست بەکارکردن دەکەن کە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەوەش کۆی ماوەی پڕۆژەکە 3 ساڵ دەخایەنێت".
عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەکە دامەزراندنی دوورگەیەکەی پیشەسازی تەواو لە خۆدەگرێت هەروەها دامەزراندنی رێگری شەپۆڵ و درێژکردنەوەی دوو بۆری دەریایی و دامەزراندی 4 بەندەر بۆ بارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون و چەندین خزمەتگوزاری دیکە".