پارێزگاری نه‌ینه‌وا: سوورین له‌سه‌ر داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان
ئاواره‌كان به زۆره ملێ ناگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانیان
K24 – هه‌ولێر:
پارێزگاری نه‌ینه‌وا، مه‌نسوور مه‌رعید، رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه بۆ داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئاواره‌كان به زۆره ملێ ناگه‌ڕێننه‌وه بۆ ناوچه‌كانیان.
ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، پارێزگاری نه‌ینه‌وا گوتی: حكومه‌تی خۆجێی نه‌ینه‌وا سووره له‌سه‌ر داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان له ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌وڵی زۆرتر ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتره ئه‌و كه‌مپانه دابخه‌ین.
روونیشیكرده‌وه، حكومه‌ته‌كه‌یان له هه‌وڵدایه سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كان دابخات، به‌ڵام كه‌س ناچار ناكات به گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌ی ره‌سه‌نی خۆی. به‌ڵام هه‌موو ئاسانكارییه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاواره به خواستی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ دابین بكرێت.