ھەرزانی تەماتە جوتیارانی رۆژھەڵاتی كوردستان بێئومێد دەكات

جوتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای کۆنترۆڵکردنی بازاڕ دەکەن

K24 - ھەولێر

لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرزانی نرخی تەماتە، وایکردووە جووتیاران بێئومێدبن لە دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی بۆ بەرهەمەکەیان و رەخنە لە حکوومەت دەگرن کە نەیتوانیوە ئەو شێواویەی لە بازاڕدا دروست بووە کۆنترۆڵی بکات.

جوتیارانی شارۆچكەی کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گلەیی لەوە دەكەن كە بەرھەمی تەماتەی ئەمساڵیان بۆ ساغ نابێتەوە و نیگەرانی خۆشیان دەردەبڕن كە حكوومەت ناتوانێت بازاڕ كۆنترۆڵ بكات".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی تەمامەتە لە ناو بازاڕدا گرانە، بەڵام بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لەوەی بازاڕ لە جووتیاران دەکڕدرێت. ئەوان دەڵێن، دەڵاڵەکان نرخەکان یەکلا دەکەنەوە و حکوومەت لەو بابەتە بێدەنگیی ھەڵبژاردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێران جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان دەکەن.،بەڵام ئەو تەماتەیە کە بە ماندویەتی و پینە بەستنی دەستی جوتیارێک بەرهەم دێت، بە نرخێکی هەرزان رەوانەی كارگە گەورەكان دەکرێت و لەوێ پاش بە دۆشاوکردنی تەماتەکە قوتیەک بە 19 تا 20 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

لە پارێزگای سنە و لە ناوچەی کامیاران ساڵانە نزیکەی 120 هەزار تەن تەماتە بەرهەم دێت. کە لە ئەگەری کەمترخەمی حکومەت و کونتڕۆڵ نەکردنی بازاڕ، مەترسی لەسەر بەردەوام بوونی جووتیاران لەو پێشەیە دروست دەبێت.

 

ھ.م