سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی حاجی عەلی زێوێیی دەکات

"حاجی عەلی زێوێیی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵایەتی شاری سلێمانییە"

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی حاجی عەلی زێوێی پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادەکەی کرد.

مەسرور بارزانی لە پرسەنامەکە نووسیویەتی، بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی حاجی عەلی زێوێیی کەسایەتی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵایەتی دیاری شاری سلێمانیم بیست.

لە پرسە نامەکە هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان لە خانەوادە بەڕێزەکەی دەکەین و ئومێدەوارین خوای مەزن بە بەهەشتی شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکارەکەی ببەخشێت.

ژیاننامە و وێستگەکانی ژیانی حاجی عەلی زێوێیی:

حاجی عەلی زیوێی، یەکێک بوو لە پێشمەرگە دێرینەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کارایانە بەشداریی هەردوو شۆڕشی (ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتنخواز) و هەروەها راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان دژ بە دامودەزگاکانی رژێمی بەعس کردووە، جیا لەوەی کە لەپای هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی، دوو جار لەلایەن ئەمنی ژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە.
حاجی عەلی زێوێیی، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول، دەمێک کە کرێکاری کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بووە لە سلێمانی، لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕش ئەیلوولەوە (ساڵی 1961) ، بە ڕابەرایەتیی سەرکردەی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی، پەیوەندیی کردووە بە ڕێکخستنەکانی ناوشاری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و بەشداریی چەندین چالاکیی ناوشاری کردووە، پاش ئەوەی دەبێتە یەکێک لە پاسەوانانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، سەرەتای ساڵی 1963 لەگەڵ سێ پاسەوانی تری کارگەکە، بە چەکی خۆیانەوە روو دەکەنە چیا و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکەن، ئیتر لە هێزی خەباتدا دەبێتە پێشمەرگە و چەندین پلەی پێشمەرگایەتی دەبڕێت، هەروەها لە زۆربەی داستانەکانی پێشمەرگەدا لە ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی (چوارتا، سورداش، ئەزمەڕ)دا بەشداریی قارەمانانە و کارای هەبووە.
لە یەکێک لە چالاکییەکانیاندا، لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکاندا، خۆی و چەند پێشمەرگەیەک لە دەوروبەری چوارتا، دێنە ناوجەرگەی هێزەکانی رژێمەوە و پاش شەڕێکی سەخت دەست دەگرن بەسەر یەک لۆریی پڕ لە رۆن و ئازووقەدا، کە بە یاوەریی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بۆ بنکە و رەبیە و بارەگاکانی سوپای عێراقی دەبرا، جگە لەوەی لە هێزە سەربازییەکە دەدەن و راوەدوویان دەنێن، لۆرییە پڕ ئازووقەکەش دەگەیەنن بە هێزی پێشمەرگە کە لەو دەمەدا پێشمەرگە زۆر بێ خۆراک و ئازووقە بووە.
حاجی عەلی زێوێیی لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دوو جار بەسەختی بریندار بووە.
پاش رێککەوتننامەی شوومی جەزائیر و نسکۆی شۆڕش، رووی کردووەتە وڵاتی ئێران و دوای ماوەیەک ئاوارەیی، سەرلەنوێ بووەتەوە پێشمەرگە و پەیوەندیی بە شۆڕشی گوڵانەوە کردووە، دوای چەند ساڵێک پێشمەرگایەتی، بەهۆی نەخۆشیی سەختی گەدەیەوە توانای پێشمەرگایەتیی نەماوە، هاتووەتەوە ناوشار و دەستی کردووە بە کرێکاری و کەسابەت لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بەڵام پەیوەندیی نهێنیی بە شۆڕشەوە نەپچڕاندووە، لەو ساڵانەدا دوو جار لەلایەن ئەمنی رژێمی بەعسەوە بۆ ماوەی جیاواز دەستگیر کراوە.
چەند رۆژێک پێش راپەڕینیش، حاجی عەلی زێویی یەکێک دەبێ لەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەی، کە سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، بەنهێنی نامەی تایبەتیان بۆ دەنێرێت، تاوەکوو ئامادە بن بۆ رۆژی راپەڕین و هێزی ئامادە لەناو شاردا دروست بکەن، بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە بەگژداچوونەوەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعسدا، هەر لەو سەروبەندەدا حاجی عەلی زێویی بە هاوکاریی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەی دێرین حاجی رەشە قالە و خزمانی، بەتالیۆنی 22ی پێشمەرگە لە سلێمانی پێک دەهێنن و بەشداریی کارایان دەبێ لە راپەڕیندا.
دوای راپەڕین کرا بە ئەندامی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی لقی چوار و دواتر ئەندامی مەکتەبی گشتیی کۆمەڵایەتی و پاشان بوو بە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول.

H.J