گوته‌بێژی حكومه‌ت: هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتنه چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش چڕكراونه‌ته‌وه
هه‌ولێر تێبینییه‌كانی له باره‌ی پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2020 ده‌داته به‌غدا
K24 - هه‌ولێر:
دواى كۆبوونه‌وه‌ی نێوان فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارايی عێراق له‌گه‌ڵ ئاوات جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان، گوته‌بێژی حكومه‌ت رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش له باره‌ی پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، كه‌شێكی ئه‌رێنی هه‌بووه و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌یه بگه‌ینه چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌شی گونجاو له‌سه‌ر پرسه‌كان.
له باره‌ی پرسی پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2020یش، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ورده‌كاریی زۆر هه‌ن و گفتوگۆش له باره‌ی ئه‌و ورده‌كارییه‌كانه به‌رده‌وام ده‌بن، لای خۆیانه‌وه وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم، تێبینییه‌كانیان گه‌یاندووه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق به یاوه‌ری فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراق گه‌یشته هه‌ولێر، بڕیاریشه سبه‌ی چوارشه‌ممه، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بگاته هه‌ولێر.
ئ. م