سعوودییه: خستنەڕووی نەوت بە تەواوی گەڕاوەتەوە دۆخی پێشووی
دوای هێرشهكانی سهر ئارامكۆ
K24 – ههولێر:
وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، خستنەڕووی نەوتی شانشین بە تەواوی گەڕاوەتەوە باری پێشووی.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم هەفتەیە هێرش کرایە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە و نیوەی بەرهەمهێنانی وڵاتەکەی دابەزاند، بەجۆرێک بڕیاربوو بەرهەمهێنانی سعوودیە لە کۆتایی ئەم مانگە بگاتە 11 ملیۆن بەرمیل رۆژانە و 12 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو.
شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەگەیەننە 9.89 ملیۆن بەرمیل رۆژانە، هەروەها خستنەڕووی بازاڕ و هەناردە بۆ هاوبەشەکانیان بە شێوەیەکی تەواو پڕ دەکەنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەناردەی نەوتی سعوودیە لەم مانگەدا (ئەیلوول) دانابەزێت، و بە دووریشی زانی کورتهێنان لە هەناردە دروستبێت.
هاوکات وەزیری وزەی سعوودیە گووتیشی: "شانشینی سعوودیە لە رۆڵی خۆی وەک هەناردەکارێکی سەرەکی بازاڕ بەردەوام دەبێت، پێویستە رێوشوێنی توندتر بۆ پاراستنی دامەزراوەکان لە هێرشی دیکە بگرینە بەر".
هاوکات دوای لێدوانەکەی وەزیری وزەی سعوودیە، نرخی نەوت زیاتر لە 6% دابەزی.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ رایگەیاند، کوژاندنەوەی ئاگرەکە دوای هێرشەکان کەمتر لە 7 کاتژمێری خایاندووە.
هەروەها گوتیشی: "ئارامکۆی سعوودیە متمانەپێکراوترین کۆمپانیایە لە جیهان و ههوڵهكانیان بهردهوامن و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە خەریس پلە بە پلە زیاد دەکەن".
هاوکات روونیشی کردەوە نەوتی کۆگاکراوی ئارامکۆ زیاتر لە 60 ملیۆن بەرمیلە.
سهرچاوه: CNBC