ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماری عێراق

"چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی لە قازانج و بەرژوەندی هەموو خەڵکی عێراقدايە"

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/18 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆك کۆماری عێراقی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا. جەختیش کرایەوە، ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتەوە ئارا بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کە پێویستە بەتەواوی جێبەجێ بکریت.

هەروەها دووپاتکرایەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە قازانج و بەرژوەندی هەموو خەڵکی عێراقدايە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق، بە تایبەتیش کە هیشتا تیرۆریستان لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی هاووڵاتیان.

H.B