عادل عەبدولمەهدی: مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەولێر لەبارەی بودجەوە دەستوورییە

لەگەڵ هەولێر لەبارەی ئیدارەدانی پارێزگای کەرکووک دەگەینە رێککەوتن

K24 - ھەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی بودجەوە دەستوورییە.

لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای میدیایی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بودجەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە گوێرەی دەستوور و بە یەکسانی دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە یاسای بودجەدا هاتووە، پێویستە هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات، ئەگەر ئەمەش نەکرا، بەقەد ئەو بڕە نەوتە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت، ئێمەش ئەوەمان كردووە".

سەبارەت بە کەرکووکیش عادل عەبدولمەھدی گوتی "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیدارەدانی پارێزگاکەوە دەگەینە رێککەوتن".

لە بەشێكی ئەو دیدارەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەتیکردەوە وڵاتەکەی بەڵگەی لەسەر تێوەگلانی ئیسرائیل لە بۆردوومانکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبییەوە هەبێت و گوتیشی "لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی جبەخانەکان کۆتایی نەهاتووە".

عەبدولمەھدی، راشیگەیاند "بڕیاربوو بچینە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڵام چۆن بچین، کاتێک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەمان لەبەردەستا نییە".

 ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "وڵات و لایەنی دیکە هەن، بەرژەوەندییان لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی حەشد هەیە".