نرخی زێڕ دوای کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵی دابەزی

لەگەڵ کرانەوەی بازارەکانی ئاسیا

K24 – هه‌ولێر:

دوای کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵی، نرخی زێڕ لەگەڵ کرانەوەی بازارەکانی ئاسیا دابەزی.

گرێبەستە داهاتووەکانی زێڕ بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 0.9% بۆ 1501.55 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵی ئەمه‌ریکا دێت، کە تێیدا رێژەی سوود دابەزێندرا، ئەوەش دووەم دابەزاندنە لە ساڵی 2019.

سەرەڕای دابەزاندنەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا رەخنەی گرت و بە شکستی ناوبرد، کە بە گوێرەی پێویست رێژەی سوود دانەبەزێندراوە، نیگەرانی خۆشی لەبارەی جەنگی بازرگانی نێوان وڵاتەکی و چین راگەیاند کە کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا هەیە.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە توویتەکەی نووسیویەتی: "جەی پاول و فیدراڵی جارێکی دیکە شکستیان هێنا، هیچ بوێرییەک نییە، هیچ لۆگیکی نییە، هیچ دیدگایەک نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەر لە کۆبوونەوەکان دۆناڵد ترەمپ داوای دەکرد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بانکی فیدراڵی رێژەی سوود بۆ سفر دابەزێنن.

ئەوەی ئاشکرایە پێنوێنی دۆلار پێچەوانەی ئاراستەی زێڕ لە جووڵەدایە، بەڵام هەر خێرا دوای ئەنجامی کۆبوونەوه‌یە بانکی فیدراڵی ئەمه‌ریکا، رووی لە دابەزین کرد.

نرخی زێڕ لە مانگی ئابدا بۆ بەرزترین ئاستی 6 ساڵی رابردووی بەرزبووەوە، هاوکات ئێستاش لە ئاستێکی بەرزدایە بە جۆرێک 16% لە مساڵدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، گرێبەستە داهاتووەکانی ئەو کانزا زەردەش 14% بەرزبووەتەوە.