لە ماوەی 70 رۆژدا چەندین رێگای سەرەكی نۆژەن دەكرێنەوە
حكوومەتی ھەرێم بڕی 33 ملیار و 876 ملیون دیناری تەرخانکر دووە
K24 - ھەولێر
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، 70 رۆژ بۆ نۆژەنكردنەوەی چەندین رێگای ھەرێمی كوردستان دیار كراوە و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی پرۆسهكه دەكەن و دەبێ پێش بارانبارین، پڕۆژەكان تەواو بكرێن.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی ھەرێمی كوردستان دا، بۆ ئەوەی پێش بارانبارین و وەرزی زستان، ئەو پڕۆژانەی كە پێویستن لە رێگاوبانەكان ئەنجام بدرێن و گیرگرفتەكانی رێگاوبان چارەسەر بكرێن".
ئاماژەی بەوەش دا: "لە رێگەی لیژنەیەكی وەزارەتەوە گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانە كردووە و پڕۆژەكان بەو بەڵێندەرانە سپێردراون".
گوتیشی: "ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكان 70 رۆژە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی پڕۆسهكه دەكەین و دەبێ لە وادەی خۆیدا پڕۆژەكان تەواو بكرێن".
پێشتر جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 33 ملیار و 876 ملیون دیناری تەرخان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانی هەرچوار پارێزگا و ھەر دوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان.
ھ.م