لە ماوەی 70 رۆژدا چەندین رێگای سەرەكی نۆژەن دەكرێنەوە

حكوومەتی ھەرێم بڕی 33 ملیار و 876 ملیون دیناری تەرخانکر دووە

K24 - ھەولێر

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، 70 رۆژ بۆ نۆژەنكردنەوەی چەندین رێگای ھەرێمی كوردستان دیار كراوە و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی پرۆسه‌كه‌ دەكەن و دەبێ پێش بارانبارین، پڕۆژەكان تەواو بكرێن.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی ھەرێمی كوردستان دا، بۆ ئەوەی پێش بارانبارین و وەرزی زستان، ئەو پڕۆژانەی كە پێویستن لە رێگاوبانەكان ئەنجام بدرێن و گیرگرفتەكانی رێگاوبان چارەسەر بكرێن".

ئاماژەی بەوەش دا: "لە رێگەی لیژنەیەكی وەزارەتەوە گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانە كردووە و پڕۆژەكان بەو بەڵێندەرانە سپێردراون".

گوتیشی: "ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكان 70 رۆژە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران چاودێریی پڕۆسه‌كه‌ دەكەین و دەبێ لە وادەی خۆیدا پڕۆژەكان تەواو بكرێن".

پێشتر جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 33 ملیار و 876 ملیون دیناری تەرخان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانی هەرچوار پارێزگا و ھەر دوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان.

ھ.م