بانکی فیدراڵی ئهمهریكا رێژەی سوودی دابەزاند
هاوتایە لەگەڵ پێشبینی شرۆڤەکاران
K24 – ههولێر:
بانکی فیدراڵی ئهمهریكا رێژەی سوودی بە بڕی 20 خاڵی سەرەکی بۆ 2% دابەزاند، کە ئەوەش هاوتایە لەگەڵ پێشبینی شرۆڤەکاران.
بانکی فیدراڵی ئهمهریكا لە ئهمساڵدا دوو جار رێژەی سوودی دابەزاند، پێشبینییەکی کەمیش دەکرێت بەر لە کۆتایی هاتنی 2019 جارێکی دیکە رێژەی سوود دابەزێنێت، بانکی فیدراڵی بەو هەوڵەی دەیەوێت رووبەڕووی زیانەکانی جەنگی بازرگانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا و چین بێت، سەرەڕای ئەوەی 10 ئەندام لە بانکی ناوەندی پێشبینی دەکەن کە بانکەکە رێژەی سوود بۆ سێیەم جار دانابەزێنێت.
هاوکات بانکی فید راڵی پێشبینییەکانی لەبارەی گەشەی ئابووری ئهمهریكا لە ساڵانی داهاتوو بە نەگۆڕی هێشتەوە، هاوکات پێشبینیش دەکات لە ساڵی 2020 رێژەی سوود دانەبەزێنن، بەڵام لە ساڵانی 2021 جارێک و 2022 جارێک رێژەی سوود دابەزێنن.
هەروەها دابەشبوونێک لە نێوان ئەندامانی بانکی فیدراڵی بە دیدەکرێت لەبارەی جارێکی دیکە دابەزاندنی رێژەی سوود لە ساڵی 2019ـەدا، ئەوەش بەهۆی نا دڵنیایی لە ناکۆکی بازرگانی و گەشەی ئابووری جیهانی و دۆخی ئابووری ئهمهریكا کە تاوەکو ئێستا لە ئاستێکی باشدایە.
لە هەمان کاتدا بانکی ناوەندی ئهمهریكا ئاماژەی بەوەدا، خەرجی خێزان لە ئاستێکی بەهێز گەشە دەکات، بەڵام وەبەرهێنان و هەناردە داکشانی بەخۆوە بینیووە.
ئەمە لەکاتێدایە جێرمی پاول سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکی فیدراڵی ئهمهریكا و هاوکارەکانی هەوڵدەدەن پارێزگاری لە سەقامگیری گەشەی ئابووری ئهمهریكا بکەن بەهۆی ئەوە سستبوونەوەی لە گەشەی ئابووری جیهاندا بەدیدەکرێت، ئەوەش ئەنجامی نادڵنیایی و ناڕوونییە لە جەنگی بازرگانی و مەترسییەکانە لە داکشان و سستبوونەوەی گەشەی پیشەسازی بە تایبەت لە ئەڵمانیا.
بانکی فیدراڵی پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رێژەی سوود لە ئاستی 1.9% جێگیر بێت، دواتر بۆ 2.1% بەرزبێتەوە لە ساڵی 2021 و 2.4% لە ساڵی 2022، ئەوەش کەمترە لە 2.5% کە ئاستی سروشتی بانکەکەیە.
لەبارەی رێژەی بێکاریش پێشبینی دەکرێت، لە ئاستی 3.7% لە ئهمساڵدا جێگیر بێت، بەڵام لە ساڵی 2020 بۆ 4.2% بۆ ماوەیەکی درێژ بەرزبێتەوە.