هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە

ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە ژمارەی سەربازەکانی دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ئەڵمانیا بڕیاریدا مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ ساڵێکی دیکە درێژبکاتەوە.

حکوومەتی ئەڵمانیا، بڕیاریدا ماوەی مانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی، تا 31ی تشرینی یەكەمی 2020 درێژبکاتەوە و 100 سەربازیش  لە هێزەکانی کەم بکاتەوە، بەمەش ژمارەی ئێستای سەربازانی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگاتە 700 سەرباز.

سەربازانی ئەڵمانی، لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، مەشق و راهێنان بە هێزکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن.

لە ئێستادا، سێ هەزار و 500 سەربازی ئەڵمانی، لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، سووریا، ئەفغانستان و مالی، ئەرکی سەربازیی جیاواز ئەنجام دەدەن.

بە پێشکەشکردنی چەکی دژە مووشەکی میلان بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئەڵمانیا توانی یارمەتی گەورە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە بکات و سنوورێک بۆ هێرشە خۆکوژییەکانی داعش دابنێت.

 H.J