عێراق بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری داوای هاوكاری چین دهكات
ھەموو ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیا چینییەكان دەكەن
K24 – ههولێر:
سهرۆك وهزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی داوای لە كۆمپانیاكانی چین كرد لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی عێراق بەشداربن.
عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی جیھانی بۆ ساڵی 2019 رایگەیاند، بانگھێشتی كۆمپانیاكانی چین دەكات بۆ ئەوەی روو لە عێراق بكەن و بەشداربن لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەتووەكانی وڵاتەكە.
راشیگەیاند، ھەموو ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیا چینییەكان دەكەن بۆ ئەوەی دووچاری ھیچ كێشەیەك نەبنەوە لە كاتی كاركردن و بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لیژنەیەكی ناوەندی دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان لەھەر دۆخێكی ناھەموار بپارێزێت و ئامانج لەم ھەنگاوەش پتەوكردنی كارە ھاوبەشەكانی نێوان عێراق و چینە.
دوێنێ سهرۆك وهزیرانی عێراق به سهرۆكایهتی شاندێكی فراوانی عێراق، كه پارێزگارهكانی ههرێمی كوردستانیشی تێدایه گهیشته چین.