له‌ سه‌نگاو 100 دۆنم پاوان سووتا

2000 دره‌ختی به‌ڕوو سووتان

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌پارێزی سلێمانی رایگه‌یاند، لە سنووری سەنگاو بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 100 دۆنم پوش و پاوان سووتا.

له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌پارێزی سلێمانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئاگرێکی بەرفراوان لە شاخی سەگرمە لە سنوری گوندەکانی "رەبات، داربەڕوو، قەڵاگە" کەوتەوە، لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی سەنگاو گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانیان ئاگرەکە بکوژێنەوە و کۆنترۆڵی بکەن.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: زیانی ئاگرەکە مەزەندە دەکرێت بە سووتانی زیاتر لە 100 دۆنم لە پوش و پاوان و هەروەها سوتانی نزیکەی 2000 دره‌ختی به‌ڕوو.

له‌ باره‌ی هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ ئاماژه‌ی داوه‌، هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نادیارە و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بەردەوامە.