هەزاران بەڵگەنامەی دانسقە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سلێمانی
لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە
K24 – ههولێر:
ناوەندی كوردستانی زانكۆی سلێمانی نزیكەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بە مێژووی نوێی كورد لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە دەگێڕێتەوە بۆ ئەرشیفی خۆی بەمەبەستی پێڕستكردن و هەڵگرتن و ئامادەكردنیان بۆ بەردەستی توێژەران.
بەڵگەنامەكان كە بەشێوەی دیجیتاڵین تایبەتن بە مێژووی سیاسی و كارگێڕیی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، كەركوك، هەڵەبجە، خانەقین و شنگال و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاكان كە هاوكاتە لەگەڵ دامەزراندن و چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی عێراق لەسەر نەخشەی ئێستا.

ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا بەشێوەی كاغەزیی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا لە شاری بەغدا هەڵگیراون كە مێژووی دامەزراندنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 و بەئەستەم ڕێگە دەدرێت بە گواستنەوەو كۆپیكردنیان لەبەر هەستیاری دۆسییەكانیان و رێوشوێن و بەندوباوەكانی وەرگرتنی بەڵگەنامەكان، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا "ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی" توانی وێنەیەكی دیجیتاڵی دەوروبەری پێنج هەزار لەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفخانەكانی بەغدا و شاری نەجەفەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و كاركردنیش بەردەوامە بۆ گێڕانەوە هەزاران لاپەڕەیتر لەو ئەرشیفە گرنگ و دانسقەیەی كە بەشێكی گرنگە لە یادەوەریی تۆماركراوی شار و شارۆچكەكانی كوردستان.

ناوەندی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پاش گەشتنەوەی ئەو بەڵگەنامانە توێژەرانی ناوەندەكە لەهەوڵی پێڕستكردن و جیاكردنەوەو ئەرشیفكردنیان دەبن لە ناو پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی دانسقە بخرێنە بەردەستی توێژەران و لێكۆڵەرانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی كوردستان.
بەڵگەنامەكان بریتین لە نەخشە، راپۆرتی ئیداری، یاداشت و سكاڵاو داواكاریی هاووڵاتیانی كورد، بروسكەی دەزگا فەرمییەكان، پۆستە و نامە گۆڕینەوەی نێوان دەزگاكانی عێراق و ئێران دەربارەی سنوور و كێشە سنوورییەكان و هەندێ بڕیار و رێوشوێنی قەزایی دەربارەی خەڵكانی داواكراو، ئەمە جگە لەچەندین بەڵگە و تۆماریتر كە تیشك دەخەنە سەر ئەڵقە ونەكانی مێژووی ئەم بەشەی كوردستان.
ناوەندی كوردستان ناوەندێکی بەڵگەنامەیی- دیکۆمێنتکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە زانكۆی سلێمانییە، كار دەكات لەبوارەكانی دیکۆمێنتکردن(التوثیق)، دیکۆمێنتپارێزی، کۆکردنەوەی دیکۆمێنتی ناوخۆ و دەرەوە و ئەرشیفی رۆژنامەوانی کوردستان، دەستنووسەکانی کوردستان (کۆکردنەوە و پاراستن) لەگەڵ کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی و ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارانە و كۆمەڵێك چالاكیتری زانستیی.