ئێران مەرجی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

رۆحانی داوایەکی لە ترەمپ هەیە

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، بەرلە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، داوای بنیاتنانی متمانە دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، حەسەن رۆحانی رایگەیاند، بەر لە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک، پێویستە دۆناڵد ترەمپ متمانە لە نێوان هەردوو وڵات دروست بکات، بەڵام ترەمپ بە بڕیاری کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو متمانەیەی نەهێشت.

رۆحانی بەرلە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ترەمپ، داوای هەڵگرتنی سزاکانی کرد، بەڵام بە دووریشی نەزانی لە یەکێک لە راڕەوەکانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی پێبکەوێت.

لەسەر ئەم لێدوانەی رۆحانی، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە: "ئه‌گه‌ر دانوستان له‌ نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا هاتنه‌ ئاراوه‌ من پێشوازی لێ ده‌كه‌م، به‌ڵام كاره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ناكرێت، كه‌ سه‌ره‌تا سزاكان لاببرێن پاشان ده‌ست به‌ دانوستان بكرێت، بە بڕوای من ئه‌مه‌ كارێكی درووست نییه‌".

لە لایەکی دیکەوە، ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا گەشبینە بە پێشهاتەکان و دەڵێت، بڕوام وایە هەلومەرجی گەڕانەوەی خێرا بۆ دانووستانەکان دروستکراوە، بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر نیازی هەردوولا.

هەرچی دۆناڵد ترەمپە، سوورە لەسەر ئەوەی سزای زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێت و ئەو وڵاتە بە سپۆنسەری تیرۆر ناودەبات.

 H.J