حكوومەتی ھەرێم لیژنەیەك بۆ كۆنترۆڵی جۆری لە دەروازە سنوورییەكان پێكدێنێ
"بە دواداچوون بۆ شتومەكی ھاوردەكراو بكرێت"
K24 - ھەولێر
وەزیری پلاندانانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەیەكی باڵا بۆ یەكخستنی كاری بەرێوەبەرایەتییەكانی كۆنترۆڵی جۆری پێكدەھێندرێت و دەبێ هەموو دەروازە سنورییەكان بەیەك سیستم كار بكەن.
د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هەموو دەروازە سنورییەكان یەكدەخینەوە و كاردەكەین بۆ پێشخستنی كۆنترۆڵی جۆری لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك دەستەی پێوانە سازی و كۆنترۆڵی جۆری لە هەرێم رۆڵ و كاریگەری خۆی بگێرێت".
ئەو گوتانەی وەزیری لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا ھات لەگەڵ دەستەی پێوانە سازی و كۆنترۆڵی جۆری هەرێمی كوردستان، بڕیاریشیدا لیژنەیەكی باڵا پێكبهێندرێت بە مەبەستی یەكخستن و هاوتاكردنی تاقیگە و كاری دەروازە سنورییەكان كە رۆژانە پشكنین بۆ ئەو كاڵایانە دەكەن، كە دەهێندرێنە هەرێم هاوكات هەواڵەكانیش بەردەوام دەبن بۆئەوەی تەواوی خاڵە سنورییەكان بەیەك سیستم كار بكەن، لەگەڵ پتەوكردنی هەماهەنگییەكانی نێوان بەرێوەبەرایەتییەكان بە مەبەستی زیاتر پێشخستنی كارەكانیان و ئاگاداربوون لە یەكتری.
پاشان تاوتوێی بەستانداركردنی دەستەی پێوانە سازی و كۆنترۆڵی جۆری كرا كە بەشێوەیەك بێت رۆڵ و ئەركی زیاتر بگێرێت لە خاڵەسنوریەكان و لە چاودێری كردنی بازاڕەكان و بەدواداچوون بۆ ئەو كاڵا و شتومەكانی كە هاوردەی هەرێم دەكرێن كە رەزامەندنی تاقیگەكانی پێویستە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بڕیاریدا لیژنەیەك لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیەكی تەواو لەبارەی پێكھێنانی ئەنجوومەنێكی باڵا بكەن، بۆ یەكخستنەوەی كاری دەروازە سنوورییەكان.
ھ.م