بەرھەم ساڵح و ترەمپ تاوتوێی گرژییەكانی ناوچەكە دەكەن

سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوە

K24 - ھەولێر

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و شەڕی تیرۆر و گرژییەكانی ناوچەکە كرد.

سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بەشداریان لە كۆبوونەوەكەدا كرد و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆبوونەوەكەدا بەرھەم ساڵح "جەختی لە گرنگی ئەو گۆڕانکاریانە کردەوە کە لە عێراق روو دەدەن لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات جەختیشی لە پێویستی پشتیوانی ئارامی و سەقامگیری عێراق کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بە بایەخی تەواوکردنی سەرکەوتنەکان کرد بەسەر تیرۆردا لە رێگای دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانەوەی عێراقەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆك كۆماری عێراق "باسی لە گرنگی ھێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دورکەوتنەوە لە گرژی و ئاڵۆزییەکان کرد لەپێناو بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

ھەر بەپێی راگەیەندراوەی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق "ترەمپ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی لە گرنگیدانی وڵاتەکەی بە سەرکەوتنەکان و رێزگرتن لە سەروەری و ئاسایش عێراق کردەوە، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان دوووپاتکردەوە".

بڕیاریشە ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح، گوتەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات.

ھ.م