رێواز فایەق: ریفراندۆم مافێکی سرووشتی گەلی کوردستان بوو
"کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەندێک لە دۆستەکانمان پشتیان لێکردین"
K24 – ههولێر:
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داواکەی گەلی کوردستان داوایەکی سرووشتییە و مافی هەموو گەلانە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، رێواز فایەق رایگەیاند: "مافی چارەی خۆنوسین مافی ئەزەلی هەر نەتەوەیەکە و لە پەیماننامە نێودوەڵەتییەکان وەک مافێکی سەرەتایی گەلان ناسێنراوە، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەندێک لە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان پشتیان لێکردین".
راشیگەیاند: "هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان چەندین دەیەیە بۆ ئەو مەبەستە تێدەکۆشن و چەندین گەنجی ئەم میللەتە گیانیان لەو پێناوە بەخشیوە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ رەخنەگرتن لە کاردانەوەی عێراق و کۆمەڵگای نێوەدەڵەتی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، گووتی: "هەرچەندە لێکەوتەی راپرسی لە هەموو لایەکەوە کاریگەری زۆر بوو، تاکو ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە، بەڵام دواجار بژاردەی گەلان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەو ئامرازەی خۆیان هەڵیدەبژێرن، مافێکی سرووشتییە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە".
رێواز فایەق ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا گەلی کوردستان داوای ماف و شایستە داراییەکانی لە عێراق بە گوێرەی دەستوور دەکات.
H.j