پەرلەمانتارێک: سوپایەکی یەکگرتوومان هەبوایە دوای ریفراندۆم خاکمان لەدەست نەدەدا

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باس لە گرنگی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

رێڤینگ ھروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر کورد سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتووی ھەبووایە، ھەرگیز کورد لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆی نیوەی خاکی باشووری لەدەست نەدەدا.

راشیگەیاند: "یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ یەکڕیزی ناو ماڵی کورد گرنگە".

لە 16 ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دوای ئەو رۆژە کورد نیوەی خاکی باشووری کوردستانی لەدەستدا، شارەزایان دەڵێن، پێش ئەوەی کورد بیر لە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە بکاتەوە، پێویستە کوردستان خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی بێت، کە چەندین ساڵە حکوومەت و لایەنە سیاسیەکان ھەوڵی بۆ دەدەن.

یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە دیاریکراویش یەکەکانی 70 و 80، یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان یەک سوپای نیشتمانی ھەبێت و لەژێر رۆشنایی یەک فەرمان، کارەکانیان رێکبخرێت.

H.J