مه‌سرور بارزانی: داعش هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

جەخت لەسەر بەردەوامبونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە

K24- هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەممە 2019/9/25 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد، بە سەرۆکایەتی مێجەر جەنەراڵ جیرالد ستریکلاند، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بۆ سەقامگیریی.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش کرا. هەروەها جەخت لە سەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کرا، بە تایبەتیش لە بواری راهێناندا.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بۆ سەقامگیری، ستایشی هەماهەنگی باشی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکرنی ھاوپەیمانان بۆ ھاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هۆکارانەی بوونەته‌ هۆی سەرهەڵدانی داعش هێشتا ماون. بۆیە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

H.B