هه‌ولێر و زاخۆ دووه‌مین یارییان له خولی نایابی عێراق ده‌كه‌ن
یانه‌ی هه‌ولێر ده‌بێته میوانی كاره‌با و زاخۆ و نه‌جه‌ف به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
له خولی نایابی تۆپی پێی عێراقی، یانه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی یانه‌ی كاره‌با ده‌بـێته‌وه، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه یانه‌ی زاخۆ له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی نه‌جه‌ف ده‌كات، هه‌ردوو یارییه‌كه‌ش سبه‌ی پێنجشه‌ممه له كاتژمێر 3:45 خوله‌كی ئێواره ده‌كرێت.
یانه‌ی هه‌ولێر له یاریگای تاجی له شاری به‌غدا ده‌بێته میوانی یانه‌ی كاره‌با و یارییه‌كه بۆ هه‌ردوو یانه گرینگه، چونكه به دوای یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن له خوله‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
هه‌ولێر به راهێنه‌رایه‌تی ئه‌كره‌م سه‌لمان خۆی بۆ ئه‌م یارییه ئاماده كردووه و 3 رۆژه گه‌شتی به‌غدای كردووه، هه‌رچه‌ند سێ یاریزانی گرینگی قه‌ڵاومناره پێكانیان هه‌یه، ئه‌وانیش (دانا عوسمان، شوان مامۆ، كامه‌ران خالید)، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێكهاته‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌بێت.
هه‌ولێر له ماوی هه‌فته‌ی رابردوو دوو گرێبه‌ستی دیكه‌ی بۆ ریزه‌كانی ئه‌نجامداوه، له‌وانه ناوه‌ڕاستكاری به‌ڕازیلی فێرناندۆ، كه پێشووتر یاری بۆ یانه‌كانی زاخۆ و نه‌جه‌ف و نه‌فتی ناوه‌ڕاست كردووه، جگه له‌وه‌یش له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ری پێشووی یانه‌ی شورته، كه‌رار حه‌مید رێكه‌وتووه و په‌یوه‌ندی به هه‌ولێره‌وه كردووه.
هه‌ولێر ته‌نا یه‌ك خاڵی هه‌یه، هیچ گۆڵێكی تۆمار نه‌كردووه، به‌ڵام كاره‌با دوو گۆڵی كردووه دوو گۆڵیشی لێكراوه، له دوو یاری رابردووی نێوانیان هه‌ولێر یارییه‌كی بردۆته‌وه و یارییه‌كیش یه‌كسان بوونه، هه‌ولێر له خانه‌ی یازده‌م دێت و كاره‌باش له خانه‌ی حه‌وته‌م.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، یانه‌ی زاخۆ دوای شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر مینا، ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیان یه‌كه‌مین یارییان له‌م وه‌رزه له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر نه‌جه‌ف ده‌كات.