وه‌زیری به‌رگری ئێران: توانا مووشه‌كییه‌كانمان له ده‌ره‌وه‌ی دانوستانه‌كانن
"به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می به‌رگری بۆ پارێزگاریكردن له سه‌ربه‌خۆیی ئێران پێویستییه‌كی حه‌تمییه"
K24- هه‌ولێر:
ئه‌میر حاته‌می، وه‌زیری به‌رگری ئێران دووپاتیكرده‌وه، نابێت كۆماری ئیسلامی به هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر به‌رنامه مووشه‌كیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا یان هه‌ر وڵاتێكی دیكه رازی بێت.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی مێهری ئێرانی، حاته‌می له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به له‌به‌رچاوگرتنی جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، كه ئه‌و كات ئێران هه‌ستی كرد پێویستیه‌كی ستراتیژی به مووشه‌ك هه‌یه، كۆماری ئیسلامی ده‌ستی به كاره‌كانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه مووشه‌كییه‌كه‌ی و پیشه‌سازی دیكه‌ی به‌رگری كردووه.
وه‌زیری به‌رگری ئێران روونیشیكرده‌وه، "ئێران به‌هۆی پێگه جوگرافییه‌كه‌ی له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی بیروباوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی، هه‌میشه ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ڕه‌شه هه‌یه، بۆیه به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می به‌رگرییه‌كه‌ی بۆ پارێزگاریكردن له سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی پێویستییه‌كی حه‌تمییه".
تایبه‌ت به ئه‌گه‌ری رازیبوونی ئێران به دانانی كۆت و به‌ند له‌سه‌ر توانا مووشه‌كییه‌كانی له چوارچێوه‌ی دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و وه‌زیره ئێرانییه گوتی: دانوستان له‌گه‌ڵ واشنتن له‌سه‌ر توانا مووشه‌كییه‌كانی ئێران، "وه‌ك ئه‌وه وایه تۆ بنمیچی خانوێك لابه‌ریت و ته‌نیا دیواره‌كان بهێڵیته‌وه".
له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا حاته‌می گوتی: "به چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی راشكاوانه ده‌ڵێم، دوژمن پشت به دانانی سنوورێك بۆ توانا مووشه‌كییه‌كانی ئێران ده‌به‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه سنوور بۆ به‌رگری گه‌لی ئێرانیش دابنێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانین رووبه‌ڕووی زیاده‌ڕۆییه‌كان و سته‌مكارییه‌كانی ببینه‌وه، سوپاس بۆ خودا، ته‌واوی لایه‌نه به‌رگرییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، گه‌شه به توانا به‌رگرییه‌كانمان بده‌ین، به‌تایبه‌ت توانا مووشه‌كییه‌كان".
H.B