ژن و مێردێك لە رانیە لەسەر "دزیكردن" دەستگیر كران
پۆلیس زانیاریی لەبارەی تۆمەتبارەكان ئاشكرا دەكات
K24 - رانیە
لە قەزای رانیەی دەڤەری راپەڕین ژن و مێردێك لەسەر دزیكردن دەستگیر كران. پۆلیس ئاشكرای دەكات كە دزیان لە ماڵە دراوسێكانیان كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی هاووڵاتیان سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینیان کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەوەی کە دزی لە ماڵەکەیان کراوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە کرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بکەری تاوان. لە ئەنجامی هەوڵەکان و بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریی، هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین لە رانیە، لەم هەفتەیەدا ژن و مێردێکیان دەستگیر کرد کە هەستاون بە دزیکردن لە ماڵان".
ئاماژە بەوەش كراوە: "دوای لێکۆڵینەوه لەگەڵیاندا لە بەردەمی پۆلیس و دادگا ددانیان بەوەدا ناوە کە بڕی 350000 هەزار دیناریان لە ماڵی دراوسێیەکیان دزیووە. لە کاتێکدا هەوڵیان داوە تێکەڵاوی لەگەڵ ماڵە دراوسێکانیان دروست بکەن و شارەزایی ناو ماڵەکانیان ببن و شەو بە نهێنی بچنە ماڵیان و دزیان لێ بکەن. سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەكاندا دەرکەوت کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا دزیان لە ماڵێکی دراوسێیان کردبوو لە شاری ڕانیە، که بڕی 10 مسقاڵ زێڕ و 700 هەزار دیناریان دزی بوو".
پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: "ئێستا تۆمەتباران هەردوو ژن و مێردەکە کە تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵە ودانیشتووی شاری رانیەن، بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".
ھ.م