سێ تۆمەتبار ماددەی ھۆشبەریان لەناو گوێز و ماسیحە ھێناوەتە ھەرێمی كوردستان

دەست بەسەر 8 كیلۆ گرام كریستاڵ داگیرا

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەر دەستبەسەرداگرتنی 8 كیلۆ گرام كریستاڵ و دەستگیركردنی 3 تۆمەتباری ئێرانی راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەھێشتنی مادەی ھۆشبەر ئاشكرای كرد، ئەفسەر و كارمەندانی بنكەی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكانی حاجی ئۆمەران-ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان، توانیان دەست بەسەر بڕی 8 كیلۆ گرام لە كریستاڵ و بڕی 50 گرام تلیاك دا بگرن و سێ تۆمەتباری ئێرانیش دەستگیر بكەن.

لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەردا، ئاماژە بەوە كراوە "تۆمەتبارەكان ماددە ھۆشبەرەكەیان لەناو چەند دانە گوێزێك و ماسیحەی دەستی شاردبووەوە و ددانیان ناوە بە تاوانەكەیان و بە گوێرەی یاسای 14 ی مادده‌ ھۆشبەره‌كان پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان  رێكخراوە و رەوانەی بەردەم دادگا كراون".

ھ.م