بناری قه‌ندیل.. له‌ ئاكامی بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی توركیا دوو هاووڵاتی بریندار بوون

ناتوانرێ ئەمبوڵانس و خەڵکیش بەهانای بریندار و خەڵکی گوندەکەوە بچن

K24 – رانیه‌:

فڕۆکەکانی تورکیا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی بناری قه‌ندیلیان بۆردوومان كرد و به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، دوو هاووڵاتی بریندار بوون.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ناوچه‌كه‌ رایگه‌یاند، بۆردوومانەکە سەرەتا گوندی زێوکەی گرتووه‌تەوە، کە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی شێنێ لە سنووری پشدەر.

شایەتحاڵەکان بە کوردستان24یان راگەیاند، ئەوەی زانراوە تا ئێستا  دوو هاووڵاتی لە گوندی زێوکە بە ناوەکانی عومەر کوێخا عەبدوڵڵا و دیلمان رەسوڵ عەبدوڵڵا، کە مام و برازان، بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بە هۆی سەختیی بۆردوومانەکان ناتوانرێ ئەمبوڵانس و خەڵکیش بەهانای بریندار و خەڵکی گوندەکەوە بچن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی ماددی یەکجار زۆر بەر هاووڵاتیان کەوتووە.