كوردێك ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر چاك دەكاتەوە
لەگەڵ ھاوسەرەكەی ناوەندێكی خۆبەخشی دادەمەزرێنن
K24 - ھەولێر
ئەكبەر ھاووڵاتییەكی رۆژھەڵاتی كوردستانە كە ماوەی 15 ساڵ ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بوو، ئێستا كە وازی ھێناوە، لەگەڵ ھاوسەرەكەی ناوەندێكی خۆبەخشی پاككردنەوەی ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەری دامەزراندووە، بۆ ئەوەی ئالوودەبووان ھان بدات واز لە ماددەی ھۆشبەر بھێنن و دەڵێ، باسكردن لەوەی بەسەری ھاتووە، بەسە بۆ ئەوەی گەنجان ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر نەبن.
ئەكبەر وەلی پەنا، ئازارەكانی پێشووی و دڵخۆشییەكانی ئێستای كردووەتە ھەوێنی یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە ئالوودەی ماددەی ھۆشبەرن و پێداگرە لەسەر ئەوەی پاكیان بكاتەوە.
لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان 3 ملیۆن ئالوودەبووی ماددەی ھۆشبەر ھەیە، ساڵانە 7500 كۆرپە بە ئالوودەیی لەدایك دەبن و رێژەكەش بەردەوام لە زیادبوون دایە، حكوومەت لە پلانەكانی جیددی نییە و سەركەوتوو نەبووە، ماددەی ھۆشبەریش لە بازاڕ زۆر بەئاسانی دەست دەكەوێت، ھەر بۆیە ناوەندە خۆبەخشەكەی ئەكبەر ھیوایەكی بە ئالوودەبووان داوە.
ئەكبەر ئێستا لە ھەموو كەس باشتردەزانێ كە ماددەی ھۆشبەر چ كارەساتێكە، ئێستا كە وازی لێ ھێناوە، خۆبەخشانە و بە ورە و وزەیەكی زۆرەوە، لەگەڵ ھاوسەرەكەی دەیەوێ ئەو ئالوودەبووانەش پاك بكەنەوە بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێكی نوێ بكەنەوە.
ھ.م