ئێران کەشتییە نەوتهەڵگرە بەریتانیەکەی ئازاد کرد

کەشتییەکە بەندەر عەباسی جێهێشتووە

K24 – هه‌ولێر:

کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی بەریتانیا دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەمڕۆ کەناراوەکانی ئێرانی بەجێهێشتت.

بەگوێرەی داتاکانی پێگەی "ریفینیتیف" تایبەت بە جوڵەی دەریاوانی، کەشتی نەوتهەڵگری بەریتانی "ستینا ئیمپرۆی" ئەمڕۆ هەینی بەندەر عەسابی ئێرانی جێهێشتووە و بەرەو ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێکەوتووە.

مانگی تەمموزی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتی نەوتهەڵگری بەریتانی "ستینا ئیمپرۆی" لە گەرووی هورمز راگەیاند و رۆژی چوارشەممەی رابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئازادکردنی کەشتییەکەی راگەیاند.

پێشتریش، دەسەڵاتدارانی ئێران، 23 کارمەندەکەی ئەو کەشتییەیان ئازادکردبوو.

نێوانی ئێران و رۆژئاوا لە ئاستێکی خراپ دایە، بە تایبەت دوای ئەوەی، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە تۆمەتبار کرد.

 Reuters

H.J