توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام رازی نییە
چاوشئۆغڵو: پێویستە ئەمەریكا بەڵێنەكان جێبەجێ بكات
K24 - ھەولێر
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، تائێستا وڵاتەكەی لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان-باکووری سووریا رازی نییە و نیگەرانی خۆشیان گەیاندووەتە ئەمەریکییەکان.
لە میانی بەشداریكردنی لە 74ھەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەبارەی ناوچەی ئارام گوتی: "ئامانجی بنەڕەتی ئێمە لێرەدا بریتییە لە دەرچوون و پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تیرۆریستان. ئەمەریکا لەمباریەوە بەڵێنێکی ھەیە پێویستە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات. لەگەڵ دەرچوونی تیرۆریستان ناوچەی ئارام دروست دەکرێت و ئەو یەکە ئەمنی و بەرپرسی خۆجێیانەی کە لە ناوچەکەدا ئەرک دەگرنە ئەستۆ، ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا، ھێزە خۆجێیەکان و خەڵکی ناوچەکە کاردەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەپەگە/پەکەکە/پەیەدە کار ناکەین. لە دوای دروستکردنی ناوچەی ئارام، پێویستە ھاوکاری ئەو کەسانەش بکەین کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ناوچەکە. بنەمای سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە ئەوەیە کە دەبێ ئەو ناوچەیە ئارام بێت. بە یەپەگە/پەکەکە ئەم ناوچەیە ئارام نابێت. پێویستە بە تەواوی پاکبکرێتەوە. لەلایەکی دیکەش پێویستە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو خەڵکە دەستەبەر بکەین. بۆ ئەمەش ھەموو کەسێک بەرپرسیاریەتی لەسەرە".
سەبارەت بە لێدوانەکانی نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، جەیمس جیفری بەوەی کە رایگەیاندبوو "لەبارەی ناوچەی ئارام گفتوگۆیەکی قوڵی دیاریکراومان لەگەڵ تورکیا ئەنجام نەداوە"، وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی: "بە دڵنیاییەوە لێرەدا بە تایبەتی لەبارەی قوڵایی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، بۆچوونی جیاواز لە ئەمەریکا لە ئارادایە. ئەوەی ترەمپ گوتی 20 میل بوو. لەو دانوستانەی کە ئێمەش لەگەڵ ئەمەریکا کردوومانە، پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارامە بە قوڵای 20 میل. ئەمەش دەگاتە 30 کیلۆمەتر. بۆیە راست نییە کە دەڵێت لەبارەی قوڵایی گفتوگۆمان نەکردووە. واتا بە باشی گوێیان بۆ ئەو شتانە نەگرتووە کە ئێمە گوتوومانە. تەنھا ئەجێندای خۆیان لە رۆژەڤ دەھێڵنەوە. لەبارەی ناوچەی ئارام ھەر لەسەرەتا ئێمە ئەوەمان گوتووە و رێنمایی سەرکۆمارمان ئەوە بووە. 30 کیلۆمەتر".
ھ.م
سەرچاوە: ئەنادۆڵ