وەبەرھێنەران روو ناكەنە ھەڵەبجە
زۆربەی گەنجانی شارەكە بێكارن
K24 - ھەڵەبجە
لەگەڵ ئەوەی ھەڵەبجە بووەتە چوارەم پارێزگا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا وەک پێویست بازرگانان و وەبەرھێنەران رووی تێناکەن و وەبەرھێنان زۆر کەمە لەشارەکە، ژمارەیەكی زۆری گەنجانی ھەڵەبجە بێکارن و داواکارن وەک پارێزگاکانی دیکە پڕۆژەی وەبەرھێنانى گرنگ لەشارەکە بكرێت.
بازاڕی ھەڵەبجە جمەی دێ لە خەڵك، بەڵام زۆرینەیان بێکارن و بەئومێدی دۆزینەوەی کارێکی باش روو لەبازاڕ و دوکانەکان دەکەن، زۆرێك بە ناچاری لەسەر شەقام و بەردەم دوکانەکان کاری دەستگێڕی و فرۆشتن دەکەن، گەنجان خوازیارن وەبەرھێنەران روو لە سنووری ھەڵەبجە بکەن، تا ھەلی کار بۆ خەڵكی بڕەخسێت و ئابووری پارێزگاكە ببوژێتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە ھەڵەبجە کراوەتەوەو سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیش دەڵێت "وەبەرھێنەران لەترسی بە دەست نەھێناوەی قازانج و سەرنەکەوتنی پڕۆژەکان لەم شارە پڕۆژەکانیان ناھێنە ئەم سنوورە، بەڵام ئێمە ھەوڵی دەدەین کە بۆ لەمەودوا داوا لەوەبەرھێنەران بکەین لە پڕۆژەی بچووک و پێویستی شارەوە دەست بە وەبەرھێنان بکەن لەم سنوورە".
فراوانبوونی شارەکان و نرخی زەوی و زار و زۆری ژمارەی دانیشتووان، چەند ھۆکارێکن بۆ ئەوەی وەبەرھێنەران روو لەو شوێنانە بکەن و کاری وەبەرھێنانی تێدا بکەن، بەڵام ھەڵەبجە پێنج ساڵە بووەتە پارێزگا كەچی تا ئێستا ھیچ وەبەرھێنەرێک رووی لەو شارە نەکردووە، بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنان بکات و ھەلی کار بۆ دانیشتووانی شارەکە دەستەبەر بکات.
ھ.م