ئەمەریكا سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو لە عێراق دادەمەزرێنێ

ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان باسكراوە

K24 - ھەولێر

ئەمەریكا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئامادەن سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو لە عێراق دابمەزرێنێت.

مارشال بيلنگسلی، یاریدەدەری بەشی كاروباری پارەداركردنی تیرۆر لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا رایگەیاند، لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی  سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا ئامادەیە ھەموو ھاوكارییەكی عێراق بكات لە پێناو دروستكردنی سیستمێكی بانكی پێشكەوتوو بۆ نەھێشتنی گەندەڵی لە وڵاتەكە.

ھاوكات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، حەلبوسی لە كاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ  یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا باسی لە نوێترین پێشھاتەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە عێراق كردووە و داوای لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا كردووە وەبەرھێنانی زیاتر لە عێراق ئەنجامبدەن لە سەرجەم بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانیدا.

ھ.م