سەرۆكی لیستی (ھاوپەیمانی كوردستانی) دیار دەكرێت

لایەنە كوردستانییەكان لە ھەولێر كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە لایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر كۆببنەوە و سەرۆكی لیستی (ھاوپەیمانی كوردستانی) و لۆگۆی لیستەكە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیار بكەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند "بڕیارە کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆببنەوە و کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دیاریکردنی سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی كوردستانی و لۆگۆی لیستی هاوبەشی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکان دەبێت".

دوێنێ 28/9/2019 لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەبارەی لیستێكی ھاوبەش بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رێككەوتن، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگاكانی (كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەكەدا بكەن.

ھ.م