قه‌ته‌ر خواستی خۆی بۆ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر نیشان ده‌دات

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی قه‌ته‌ر له‌ عێراق په‌یوه‌ندی دووقووڵێ تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24- هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن.

ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی قه‌ته‌ر له‌ عێراق هاتوون و دووپاتیىکردەوە هەرێمى کوردستان بۆ وەبەرهێنانى بیانى ئامادەیە و هەموو ئاسانکارییەك بۆ وەبەرهێنەرانى قەتەرى دەکات، بۆ ئەوەى بەشدارى لە پرۆسەى پەرەسەندنى هەرێمى کوردستاندا بکەن، بەشداریکردنى کۆمپانیا قەتەرییەکانیشى لە پیشەنگاى نێودەوڵەتیى پرۆجێکت ئیراکدا، کە سبەى دووشەممە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، بە گرنگ و ئەرێنى لە قەڵەم دا، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى زیاتر بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ قەتەر دووپات کردەوە.

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ خالد حەمەد ئەلسڵیتى، باڵیۆزى قەتەر لە عێراق و شاندێکى یاوەرى كۆبووه‌وه‌ و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نێچیرڤان بارزانى تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا، دۆخى سیاسى و ئابوورى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و دۆخى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان.

لاى خۆیەوە باڵیۆزى قەتەر لە عێراق، وێڕاى گەیاندنى سڵاو و ڕێزى سەرکردایەتیى وڵاته‌كه‌ی بە نێچیرڤان بارزانى، دووپاتیشیکردەوە، وڵاتەکەى خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش نیازى خۆیان بۆ کردنەوەى کونسولخانەى قەتەر لە هەولێر و هاندانى کەرتى تایبەت و سەرمایەدارانى قەتەرى بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە هەرێمى کوردستان نیشان دا.

H.B