مەسرور بارزانی: هاوکاریی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران دەکەین
بە چاودێری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشانگاکە کرایەوە
K24 – ههولێر:
لەژێر چاودێری و بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2019، سێزدەمین پیشانگای نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی گشتی کرایەوە، بەر لە کردنەوەی پیشانگاکەش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا رایگەیاند، خۆشحاڵم بە کردنەوەی پیشانگایەک، کە 300 کۆمپانیا لە 24 وڵاتی جیاواز لە ئەمریکا، ئەوروپا، ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەشداریان تێداکردووە.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەت گرنگیدانی زۆرە بە گەشەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین ئەو پیشانگایە سەرەتایەک بێت بۆ پەیوەندی نێوان بازرگان، سەرمایەداران و وەبەرهێنان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوە، هەروەها کار لە سەر ئەوە دەکەین تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەرگرنگی کەرتەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، بۆ ئاسانکاریکردنی کاری وەبەرهێنەران، بازرگان و خاوەن پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لەتواناماندابێت پێشکەشی دەکەین.
دووپاتیکردەوە، کار لەسەر کاراکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکەین، کە دەبنە هۆکارێک بۆ کارئاسانی بۆ کاری بازرگانان و وەبەرهێنەران، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، هەموو هەوڵێکی پێویست بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری دەدەین، هەروەها کار لەسەر ئەوەدەکەین هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەیەکی بازرگانی لەناوچەکەدا.
H.J