چین هۆشداری لە سیاسەتی خۆ پارێزی دەدات

ترەمپ ده‌یه‌وێت کۆمپانیا چینییەکان لە ئه‌مه‌ریكا دەربکات

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا لە توێژینەوەدایە بۆ ئەگەری دەرکردنی کۆمپانیا چینییەکان لە بازاڕە داراییەکانی وڵاتەکەی، شرۆڤەکاران هۆشداری لەو هەوڵەدەدەن و دەڵێن گرژییەکانی نێوان واشنتن و پەکین دەگەیەنێتە لووتکە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەک بۆ رۆیتەرز، ئەو هەوڵە دوای ئەوە دێت، کە بە شێوەیەک فراوانی سنوور بۆ وەبەرهێنانی ئەمه‌ریکی لە چین دادەنرێت، لە راپۆرتێکی پێشووی بلومبێرگیشدا هاتووە، کە ئەو هەوڵانە شۆک دەبن بۆ بازاڕە داراییەکان.

ئاژانسی بلوومبێرگ لە سەرچاوەیەک نزیکی گفتوگۆکان دەستیکەوتووە، کە رێوشوێنە وردەکان بۆ دەرکردنی کۆمپانیا چینییەکان لە بۆرسەی ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا لە ژێر توێژینەوە دایە، بەڵام پێویستی بە رەزامەندی ترەمپە، ئەویش گڵۆپی سەوزی بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە بۆ هەڵکردوون.

هاوکات چەند سەرچاوەیەک رایگەیاندووە کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەربەست بۆ کۆمپانیا چینییەکان دروست بکرێن کە لە پێنوێنی کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکان تۆمارکراون.

دوای ئەوە پشکی گەورە کۆمپانیای چینی عەلی بابا و JD.com وپێندۆدۆ و بایدۆ و فیبشوب و باوزون و ئیتچی یی بین دابەزین.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک لە یاسا داڕێژەران لە هەردوو پارتی کۆماری دیموکراتی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کرد، کە کۆمپانیا چینییەکان لە بۆرسەری ئه‌مه‌ریكا ناچار دەکات لە ژێر سەرپەرشتیاری رێکخستن دابن، بەوەش وردبینی لە کارەکانیان بکرێت یاخود لە بۆرسەکانی ئه‌مه‌ریكا دەبێت دەربچن.

لەو بارەیەوە دەسەڵاتدارە چینییەکان دوو دڵن لە رێگە پێدانی لایەنە دەرەکییەکان لە وردبینی کردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، هۆکارەکەشی بە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی حکومەتی چین ژمارەی کۆمپانیا چینییەکان لە پێنوێنی ناسداک و بۆرسەی نیویۆرک گەیشتووەتە 156 کۆمپانیا، کە 11 کۆمپانیا لە لایەن دەوڵەتەوە خاوەنداری دەکرێن.