پێشبینی ده‌كرێت ئاستی كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق دابه‌زێت

پێشبینی کورتهێنانی بودجەی 2020 بۆ 40 ترلیۆن دینار کەمبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی دەکات کورتهێنانی بودجەی 2020 بۆ 40 ترلیۆن دینار کەمبێتەوە.

ئەحمەد مەزهەر جبووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی مانگێکە لیژنەی دارایی توێژینەوەی بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق کردووە، ئەوەش لە رێگەی کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان لیژنەکە و وەزارەتی دارایی.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینییەکان بۆ ئەوەن قەبارەی کورتهێنانی بازرگانی لە ساڵی 2020 نزیکەی 40 ترلیۆن دینار بێت.

ئەو پەرلەمانتارە گووتیشی: "پێویستە حکومەت کار لەسەر هێور کردنەوەی دۆخەکە بکات بۆ پشتیوانی لە چالاکی چاکسازی ئابووری و وەبەرهێنان، هاوکات جەختیش بکاتەوە لەسەر چاکسازی بە پەلە بۆ گەشانەوەی کەرتی بانکی، دوووبارە چاوخشاندنەوە بکات بە کەرتی کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون".

ئەحمەد مەزهەر پێی وایە، بازاری دارایی نوێ دەتوانێت پشتیوانی لە سیاسەتی دارایی بکات بە دەرکردنی قەواڵەی حکومی، بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەران رابکێشێت و داهاتی گشتی هەمەجۆر بکات.