نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه
رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستانی به گرنگ له‌قه‌ڵه‌مدا
K24 – هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه له گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاركردن له‌پێناو دابینكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له عێراق و رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستانی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق به گرنگ له‌قه‌ڵه‌مدا.
جێگری سه‌رۆكی پارتی، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاسپارد كه له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگی به‌و یاسایانه بده‌ن كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به بارودۆخ و گوزه‌رانی هاووڵاتیانه‌وه هه‌یه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له نزیكه‌وه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 30/9/2019 له هه‌ولێر، هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕا و بۆچوون و سه‌رنج و تێبینی و چه‌ند داواكارییه‌كی په‌یوه‌ست به دۆخ و گوزه‌رانی هاووڵاتیانه‌وه، خسته ڕوو.


