نرخی نەوت دادەبەزێت
بەهۆی دڵەڕاوکێکان لە گەشەی ئابووری
K24 – ههولێر:
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی سێشەممە دابەزی، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکان لە سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهانی و کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو کاڵایە.
گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 1.83% بۆ 60.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساس بۆ مانگی تشرینی دووەم بە رێژەی 0.6% بۆ 54.39 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
هاوکات نەوتی خاوی تێکساس لەسەر ئاستی مانگانە لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بە رێژەی 1.9% دابەزی، و لەسەر ئاستی وەرزیش لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بە رێژەی 7.5% دابەزی.
ئەمە لە کاتێکدایە نرخی نەوت لە مامەڵەکانی پێشووی تۆزێک بەرزبووەوە، بە هۆی راپۆرتەکان لە بارەی دابەزینی بەرهەمی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک، سەرەڕای ئەوەی مەترسییەکان لەسەر خواست و خستنەڕووی نەوتی سعوودیە بەردەوامە و پارێزگاری لە نرخی ئێستای دەکات.
بە گوێرەی رووپێوی ئاژانسی رۆیتەرز کە رۆژی دووشەممە 30/9/2019 بڵاویکردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمترین ئاستی هەشت ساڵی رابردووی دابەزیووە، بە جۆرێک رۆژانە 750 هەزار بەرمیل کەمتری هەناردە کردووە کە کۆی گشتی 28.9 ملیۆن بەرمیل بووە رۆژانە.
هاوکات بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا بۆ ئاستی 11.24 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە 1 بۆ 29 مانگی ئەیلوول دابەزیووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی مانگی ئاب 11.29 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە پەیمانگەی نەوتی ئەمهریکا داتای بەرایی نەوتی کۆگاکراوی ئەمهریکا بۆ هەفتەی رابردوو بڵاو بکاتەوە.