روفاتی شەهیدێك دوای 33 ساڵ لە گەرمیان دۆزرایەوە
لە دوای راپەڕینەوە كەسوكاری بۆ تەرمەكەی دەگەڕێن
K24 - گەرمیان
روفاتی ھاووڵاتییەك لە دەڤەری گەرمیان دۆزرایەوە كە 33 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق شەھید كراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "بە هاوکاری تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/گەرمیان، ئەمڕۆ رێکەوتی 1/10/2019، تەرمی هاووڵاتییەکی شاری کفری کە لەلایەن رژێمی بەعس شەهید کرابوو دۆزرایەوە".
روونكراوەتەوە : "ئەو كەسە بەناوی داود سەمەد فرجی، کوڕی خانەوادەیەكی پێشمەرگە بوو، لە تەمەنی 14 ساڵیدا و لە رێکەوتی 18/10/1986 لەلایەن سوپای عێراقەوە لە شوێنێکی سەربازیی و بەشێوەیەکی شاراوە ژێرخاك کراوە. لە دوای راپەڕینەوە، خانەوادەکەی بۆ تەرمەکەی لە گەڕاندان".
لە راگەیەندراوەكەی دەزگای مین ئاماژە بەوەشكراوە: "لە رێکەوتی 23/9/2019، بەهاوکاری تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی گەرمیان، دەست کرا بە گەڕانێکی چڕتر. بە بەکارهێنانی ئامێری کانزادۆزەرەوە توانرا شوێنی تەرمەکە بدۆزنەوە کە لە نێو تابوتێکی ئاسنیندایە".
ھ.م



