پاسپۆرتی ھەولێر ھاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر: 40 ھەزار پاسپۆرت چاپكراوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر رایدەگەیەنێت، كە 40 ھەزار پاسپۆرتیان چاپكردووە و داوا لە ھاووڵاتیان دەكەن ئەو كەسانەی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو مامەڵەی پاسپۆرتیان تەواو كردووە بۆ وەرگرتنەوەی سەردانیان بكەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات لە ماوەی دوو ھەفتەی داھاتوودا نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە.
دیدار عومەر، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوو كێشەیەكی زۆرمان ھەبوو، بەو پێیەی رێژەیەكی زۆر كەمی پاسپۆرتمان لە بەغدا بۆ دەھات و خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكردین، بۆ ئەمە وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ھەوڵێكی زۆریدا لەگەڵ بەغدا، ئەوە بوو 40 ھەزار پاسپۆرتمان بۆ ھات و ھەموو پاسپۆرتەكانمان چاپكرد".
گوتیشی: "داوا لەو ھاووڵاتیانە دەكەین كە لە 10 رۆژی رابردوودا مامەڵەكانیان تەواو كردووە سەردانمان بكەن و پاسپۆرتەكانیان وەربگرنەوە".
لەبارەی كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران گوتی: "دەمانەوێت مژدە بە ھاووڵاتیانی ناوچەكە بدەین، لە دوو ھەفتەی داھاتوو نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكەینەوە".
ھ.م