ئەو هەرزەکارانەی دەچنە بەردەم قوتابخانەی کچان دەستگیر دەکرێن
لیژنەیەکی ئەمنی بۆ ئەو مەبەستە لە سۆران پێکهێنرا
K24 – ههولێر:
قایمقامیەتی قەزای سۆران لیژنەیەکی ئەمنی بۆ نەهێشتنی دیاردەی بێزارکردنی کچان لە بەردەم قوتابخانەکان لەلایەن هەرزەکارانەوە پێکهێنا.
کرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە و ژمارەی تەلەفونی لیژنەکەش دەدەینە تەواوی قوتابخانەکان تاکو لە کاتی پێویست ئاگاداریان بکەنەوە".
راشیگەیاند: "هەندێک هەرزەکار بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بەر لە قوتابییە کچەکان دەگرن و سوکایەتییان پێدەکەن. زۆربەشیان ئۆتۆمبێلەکانیان ژمارەیان لێکراوەتەوە یان بێ ژمارەن، یان دەنگێکی گەورەیان خستوتە سەر مەکینە".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هەرزەکارانە خەڵکێکی زۆریان هەراسان کردووە و لەمەودا دووچاری سزای یاسایی دەکرێنەوە.
H.J