پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول کۆچی دوایی کرد

پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول کۆچی دوایی کرد

K24 – هه‌ولێر:

د.عیزەدین مستەفا رەسول، رووناکبیر و نووسەری دیاری کورد، لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

فاروق مەلا مستەفا، بازرگان و برای د، عیزەدین مستەفا رەسول، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ماوەیەک د. عیزەدین دووچاری جەڵتەی دەماغ بووە و دۆخی تەندروستی تێکچووە".

راشیگەیاند: "ئەمڕۆ تەرمەکەی بە خاک دەسپێردرێت و پرسەکەی لە مزگەوتی ئەحمدی حاجی عەلی دەبێت".

مامۆستا جەمال عەبدول، کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی لە وەسفی د. عیزەدن گووتی: "لە خزمەتی مێژوو، ئەدەب و زمانی کوردا، کەسێکی کەم وێنە بوو. ئەو بۆخۆی فەرهەنگێک بوو. مرۆڤ هەر شتێک لە وەسفی ئەودا بڵێت، هەر کەمە".

کوردستان24 لە دۆکیومێنتارییەکدا، بە وردی باس لە ژیان و بەرهەمەکانی ئەو نووسەر و رووناکبیرەی کورد دەکات

پ. د عیزەدین مستەفا رەسووڵ، لە ساڵی 1934 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، مەلا مستەفای باوکی بە سەفەوەت ناسراوە و شاعیر و رووناکبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، هەر لای باوکی لە مزگەوتەکەی خۆیان "مزگەوتی حاجی مەلا رەسووڵی دێلێژە"  دەست بە خوێندن دەکات و  ساڵی 1939 وەکو گوێگر و پاشان قوتابی لە قوتابخانەی "غازی" دەست بە خوێندن دەکات.

سەرەتا لە کۆلێژی شەریعە لە بەغدا دەست بە خوێندنی زانکۆ دەکات، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە سیاسەتەوە خوێندنی پێ تەواوناکرێت و دەردەکرێت، دواتر لە ساڵی 1951 لە خانەی باڵای مامۆستایان دەست بە خوێندن دەکاتەوە.

 بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی 1952 لە بەغدا بریندار دەبێت، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە بەغدا دادەمەزرێت.

ساڵی 1963 لە باکۆ دوکتۆرا وەردەگرێت، لەسەرداوای حیزبی شیوعی عێراقی دەچێتە سۆفیا پایتەختی بولگاریا، لەوێ سەرپەرشتی رادیۆی نهێنی دەنگی گەلی عێراق دەکات، ساڵی 1965 دەگەڕێتەوە کوردستان دەبێت بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای مەلا مستەفا بارزانی، بەهۆی هەوڵەکانی مەلا مستەفاوە، لە زانکۆی بەغدا بەشی کوردی دادەمەزرێت، ساڵی ١٩٧٩ جارێکی دیکە دەچێتەوە مۆسکۆ و درێژە بەخوێندن دەدات.

عیزدەین مستەفا رەسوڵ لە ساڵی 1947 لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە کاری سیاسی دەکات، بەڵام لە ساڵی 1949 دەچێتە ریزەکانی حیزبی شیوعی عێراقییەوە و تاوەکو  ئێستایش ئەندامی ئەو حیزبەیە، ساڵی 1992 دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.

خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگە لەسەر مێژووی ئەدەبی کوردی ئەمڕۆش لەتەمەنی 85 ساڵیدا لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

H.J