نێچیرڤان بارزانی: مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌ش بوو

مام جه‌لال، پشتیوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ كاری من

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی دووه‌م ساڵیادی كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی نیشتمانی ئاراسته‌ی كردووه‌، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ كه‌ یادی كۆچی دواییی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، باشترین وه‌فاداری ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و هاوبه‌شی له‌ كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ین.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

ئه‌مڕۆ له‌ ساڵیادی كۆچی دواییی مام جه‌لالدا، یادی سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتگێڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆچكردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كاری ده‌وڵه‌تی و سیاسیدا دروست كرد. له‌ناو كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆدا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ست به‌ بۆشاییی مام جه‌لال ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌ش بوو.

په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك مه‌سعوود بارزانی، قۆناغێكی به‌هێزی كاری هاوبه‌شی له‌ كوردستان هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چه‌سپاندنی به‌شێكی زۆری داواكانی گه‌لی كوردستان بوو له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ده‌ستووری عێراقدا، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ دامەزراوەکانى ده‌وڵه‌تی عێراقدا دروست بوو و دیموكراسی له‌ عێراق گه‌شه‌كردنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

مام جه‌لال، پشتیوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ كاری من له‌ دروستكردن و ڕیشه‌داركردنی كاری هاوبه‌ش و به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان کاتێک كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێکهێنا و به‌ر له‌وه‌ش له‌ نزیككردنه‌وه‌ی ئیداره‌كان و دروستكردنی یه‌ك بڕیاری له‌سه‌ر زۆر پرسی سیاسی و ئیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ئه‌مڕۆ كه‌ یادی كۆچی دواییی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، باشترین وه‌فاداری ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و هاوبه‌شی له‌ كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ین.

یادی مام جه‌لال مایه‌ی خێر و ته‌بایی بێت و سڵاو و دروود بۆ گیانى دەنێرین.

 نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

3/10/2019