نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق كۆبوه‌وه
جه‌ختی له پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا كرده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا و ده‌ستپێكردنی قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران بۆ شوێنه‌کانیان كرده‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسی پشتیوانیی كه‌نه‌دای بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا کرد.
سایتی "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق"، بڵاویكرده‌وه، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له هه‌ولێر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له دیداره‌كدا له‌گه‌ڵ پۆڵ گیبارد باڵیۆزی که‌نه‌دا له عێراق كه خاتوو ئاشلی دوریك به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفێسی باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له هه‌ولێر تێیدا ئاماده بوو، پوخته‌یه‌كی ده‌رباری پرۆگرام و كاره له‌پێشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور خسته ڕوو، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ که‌نه‌دا له هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه گیبارد باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق خۆشحاڵیی خۆی به ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌کانی خواست.
تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی عێراق، جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، رێگریكردن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، دۆخی ئاواره و په‌نابه‌ران و سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونه سه‌رکه‌وتووه‌کانی كه‌نه‌دا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌که بوو.