ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق گه‌یشته 31 كه‌س
دوێنێ رۆژێكی خوێناوی بوو بۆ عێراقییه‌كان
K24 – هه‌ولێر:
خۆپیشاندانه‌كانی عێراق تا دێت فراوانتر ده‌بن. دوێنێ رۆژێكی خوێناوی بوو بۆ عێراقییه‌كان و ژماره‌ی كوژراوان گه‌یشته 31 كه‌س.
خۆپیشانده‌ره عێراقییه‌كان له رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و هه‌ژاری خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.
خۆپیشانده‌ران داوای رۆیشتن و به‌جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات له "گه‌نده‌ڵكاران" ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داواش ده‌كه‌ن ژیانێكی "شایسته" بۆ خه‌ڵك دابین بكرێت.
دوێنێ له به‌غدا هێزه ئه‌منییه‌كان زرێپۆش و چه‌كیان دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنا.
دوای رووداوه خوێناوییه‌كان، شه‌وی رابردوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌یامێكی ئاراسته‌ی هاووڵاتیان كرد و تێیدا رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ چاكسازی و دابینكردنی مووچه بۆ هه‌ژاران و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
خۆپیشانده‌ره عێراقییه‌كان، بڕوایان وایه په‌یامه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له "ئاستی پێویست" نه‌بووه و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران قسه‌ی نه‌كردووه و زیاتر باسی چالاكی و ده‌ستكه‌وته‌كانی حكوومه‌تی كردووه.
تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی سیاسی و مه‌زهه‌بی و ئاینی نه‌چووه‌ته ناو خۆپیشاندانه‌كانه‌وه.
له‌و 31 كه‌سه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه دووانیان پۆلیسن و 18یان له پارێزگای زیقار و ئه‌وانی دیكه‌ش له به‌غدا و شوێنه‌كانی دیكه بوونه.
هه‌ر دوێنێ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ره‌خنه‌ی له حكوومه‌تی عێراق گرت و داوایكرد، ده‌ست له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵبگرێت و هێڵی ئینته‌رنێت كارا بكاته‌وه.
له به‌غدا خۆپیشانده‌ره‌كان له گۆڕه‌پانی "ته‌حریر" كۆبوونه‌وه و ویستیان رووبكه‌نه ناوچه‌ی "سه‌وز"، كه ته‌نیا پردی "كۆماری" له نێوانیان هه‌یه، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و رێگه‌یان نه‌دا خۆپیشانده‌ران بگه‌نه ناوچه‌ی سه‌وز.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس